باوترین 10 شێوازی فێڵكردن لەڕێی ئینتەرنێتەوە
باوترین 10 شێوازی فێڵكردن لەڕێی ئینتەرنێتەوە
فێڵكردن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە چەندین شێواز لەخۆدەگرێت لەوانە: دزینی ناسنامە، لێدانی بەرنامەی هاككردن، مامەڵەی فێڵئامێز.
ئەم فێڵكردنانەش لەڕێگەی ئیمەیڵ، مۆبایلی زیرەك، سایت و ژورەكانی چاتكردنەوە ئەنجامدەدرێن.
ئەمانەی خوارەوە چەند رێگەیەكن بۆ فێڵكردن و كردنەئامانج كە پێویستە هەموو بەكارهێنەرێكی ئینتەرنێت ئاگاداری بێت تاوەكو بتوانێت خۆی لێ لابدات.
1.سایتە ڤایرۆساوییەكان
ئەمانە ئەو سایتانەن كە یاسایی نین و بەرنامەی تایبەت بە هاككردنیان تێدایەو ئامانجیان هاككردنی زانیارییە تایبەتەكانە. لەكاتی وەرزە ئاهەنگئامێزەكاندا كە خەڵك بەشێوەی ئۆن لاین دیاری دەكڕن، ژمارەیەكی زۆر لەم سایتە ڤایرۆساوییانە سەر هەڵدەدەن و هاككەران ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوەو بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت دەكەنە ئامانج.هەندێك سایتی یاساییش هەن زۆر بەقورسی دەكرێنەوە، لێرەوە دەردەكەوێت كە ئەم سایتانە وێنەو ریكلامگەلێكی ڤایرۆساوییان تێدایە.
باشترین رێگە بۆ خۆلادان لەم سایتانە بریتیە لەوەی تەنها سەردانی سایتە ناسراوەكان بكرێت یان بەرنامەی بلۆكەر لەسەر برۆوسەرەكەت دابنێیت.
2.بەرنامە ساختەكانی مۆبایل
پێویستە لەكاتی دابەزاندنی بەرنامە بۆ سەر مۆبایلەكەت زۆر وریابیت. بەتایبەتی مۆبایلەكانی ئەندرۆیدو ئەپڵ لەو رووەوە لاوازن و رەنگە بەرنامەی ساختە بچێتە ستۆرییەكانیانەوە. ئەم بەرنامانە دەكرێت تایبەت بەهاككردن بن و داتاكانت بەهۆیانەوە بدزرێن.
بۆ خۆپاراستن لەمە دەكرێت بۆ دڵنیابوون، هەر بەرنامە یان یارییەك دایدەبەزێنیت سەردانی سایتە رەسمییەكەی بكەیت. هەوڵبدە خۆشت لەو بەرنامانە لابدەی كە لەبنەڕەتدا فری نین بەڵام وەك ئۆفەرێك دەخرێنە بەردەمت و دەوترێت فرین.
3.تەلەفۆنی نێودەوڵەتی
ئەگەر ئینتەرنێتەكەت لەڕێگەی مۆدێمێكەوەیە كە ئەویش بەستراوە بە تەلەفۆنێكی ناوخۆییەوە، ئەوا وریابە. دەتوانیت بۆ خۆپاراستن لەهاككردن لەم رێگەیەوە پەیوەندی نێودەوڵەتی لەهێڵە تەلەفۆنییەكەت بلۆك بكەیت. هەروەك پێویستە لەوە دڵنیا بیت كە كۆمپیوتەرەكەت بەرنامەی دژە ڤایرۆسی تێدایە تا زوو لەهەر چالاكییەكی نایاسایی ئاگادارت بكاتەوە.
4.تەڵەدانان
ئەمە رەنگە كۆنترین رێگەی فێڵكردن و كردنەئامانج بێت كە تائێستاش بەبەهێزی كاری خۆی دەكات. لەم رێگەیەوە لینكێكی ساختەی هاوشێوەی سایتە بەناوبانگەكان بۆ نمونە وەك یاهوو و گوگڵ و فەیسبوك دروستدەكرێت و تۆش كاتێك یوزەرنەیم و پاسۆرد داخڵ دەكەیت، زانیارییەكانت دەچێتە دەستی ئەو كەسەی تۆی كردۆتە ئامانج.
بۆ خۆپاراستن لەمە پێویستە بەڕێگەی جیاواز ئەو سایتەی گومانت لێی هەیە چێك بكەیت، لەوانە لەكاتی نوسینیدا http بەكارهێنە، ئەگەر بەوشێوەیە كرایەوە ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە ئەو لینكەترسی نییە.
5.فارمینگ " Pharming"
ئەم وشەیە لەهەردوو وشەی " كێڵان farming" لەگەڵ "تەڵەبۆدانان pishing" پێكهاتووە. لەم رێگەیەوە هاككەر ناوی دۆمەینێك بۆ سایتێك دادەنێت و دواتر ئەم سایتە ئاڕاستە "redirect" دەكات بۆ سایتێكی تر كە ساختەیەو لەم رێگەیەشەوە دەكرێت زانیاریی گرنگ و تایبەتی وەك پاسۆردو ژمارەی حسابی بانكیت بدزرێت.
بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە فێڵكردنە دەبێت هەوڵبدەیت لەوە دڵنیا بیت كە سایتێكی دوور لەڤایرۆس بەكاربهێنیت.
6.وایەر لێس
ئەگەر ئینتەرێتێكی گشتی وایەرلێس بەكاردەهێنیت وەك ئەوەی لەتێرمیناڵ و شوێنە گشتییەكانی تردا بەكاردەهێنرێت، ئەوە بزانە كە پاسۆردو زانیارییە تایبەتەكانت لەمەترسی هاككردندایە. لەم رێگەیەوە هاككەر دەتوانێت بچێتە هستۆری برۆوسەرەكەتەوەو ئەگەر پاسۆردی ئەكاونتەكەت لەبرۆوسەرەكەتدا سەیڤكردبێت ئەوا دۆخەكە مەترسیدارترە.
ئەگەر بە مۆبایلی زیرەك وایەرلێس بەكاردەهێنێت ئەوا باشتروایە ئینتەرنێتی 3G یان 4G بەكاربهێنێت چونكە سەلامەتترە.
7.زیادكردنی ئاشكراو بازاڕاكردنەوە
لەڕێگەی ئەم جۆرە سایتانەوە چەندین زانیاری تایبەتیت ئاشكرادەبن. رەنگە هەر لەم رێگەیەوە پارەت بفەوتێت و ئەو كەرەستەیەشت بەدەست نەگات كە بەحساب كڕیوتە یان لەزیادكردنی ئاشكرادا بۆت دەرچووە یان رەنگە شتێكی خراپ وەربگریت كارتی متمانەت. لەم رێگەیەوە دەكرێت فرشیارو كڕیار فێڵی لێبكرێت.
بۆ خۆلادان لەم فرتوفێڵە دەبێت دڵنیابیت لەوەی تەنها ئیمەیڵ بەس نییە بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە بەڵكو پێویستە پەیوەندی تەلەفۆنیش بۆ دڵنیابون، هەبێت.
8.وەبەرهێنان
ئەمەش رێگەیەكە بۆ فێڵكردن، بۆ نمونە كەسێك بەناوی كۆمپانیای ساختەوە داوای پارە لەبەكارهێنەر دەكات و لەڕێگەی ئیمەیڵ و بلۆگ و ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەڵێنی گەڕانەوەی پارەكەی پێدەدات بەڵام پارەكە دەخورێت.
باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لەمە ئەوەیە كە خودی خۆت لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو كۆمپانیایە بكەیت بۆ دڵنیابون، تەنها بە بەڵێن باوەڕ مەكە.
9.هەلی كار
ئەمە دوو رێگەی هەیە، ئەو رێگەیان كە زۆر باوە ئەوەیە كە كەسێك دەچێت بەدەم ئۆفەرێكی ئیشێكەوە كە ساختەیە، خاوەن ئیشەكەش داوای بڕێك پارەت لێ دەكات بۆ راییكردنی ئیشەكەت، دواتر نە پارە دەبینیت نە كار.
رێگەی دووەمیش ئەوەیە كە پێت دەوترێت تۆ دەبیتە نوێنەری كۆمپانیایەكی جیهانی و كارەكەت بریتییە لەكۆكردنەوەی كڕیار بۆ ئەو كۆمپانیایەو لەبەرامبەردا پارە وەردەگریت بەڵام هەموو ئەمە ساختەیەو پارەشت دەفەوتێت.
باشترین رێگە بۆ خۆلادان لەم فرتوفێڵە ئەوەیە كە پێش دڵنیابونی لەسەدا سەد، ئەو جۆرە ئۆفەرانە رەتبكەیتەوە.
10.كلیككردن
بێگومان جاری وا هەیە كلیكێك دەكەیت لەسەر نیشانەیەكی یاری یان شتێكی جوڵاوو بەهۆی ئەو كلیكەوە، ویندۆیەكی نوێ دەكرێتەوە، ئەمە دەكرێت ساختە بێت و بتبات بۆ لینكی شاراوەو مەترسیدارو لەو رێگەیەوە یان زانیارییە تایبەتییەكانت ئاشكرادەبێت یان بەهۆیەوە هاككەر دەتوانێت بچێتە ناو كۆمپیوتەرەكەتەوە.

0 comments: